سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیمامى زەهەبی

یەکێک لەزاناو پیاوە هەڵکەوتەکانى ناو مێژووی موسوڵمانان کەبووەتە جێگەى شانازى هەموومان ئیمامى زەهەبیە، ئەو پیاوەى زیاتر لەسەد بەرگ نووسینی هەیە، تا ئەمڕۆش موسوڵمانان بۆ زانیاری و زانستەکەى دەگەڕێنەوە سەر نووسینەکانى.

ئیمامى زەهەبی لەبنەڕەتدا ناوى (موحەممەدى کوڕی ئەحمەد)ە، سەر بەنەتەوەى تورکمانەکانە، ئەوەش فەزڵێکی خوایە کە بەهۆی ئیسلامەوە لەهەموو نەتەوەیەکی جیاواز کەسانى زاناو خواناس و سەرکردە دەرکەوتون.

زەهەبی لەشارى دیمەشق لەدایک بوو، هەر لەوێییش گەورە بوو، باپیرە گەورى زەهەبی کەناوى (قایماز) بوو پیاوێکی زۆر خواناس بوو، نزاى وەردەگیرا، داواى لەخوا کرد ئەو کاتەى دەمرێت شەوی هەینی بێت، خواش نزاکەى گیرا کردو قایماز لەشەوی هەینیدا کۆچی دوایی کرد، بۆیە بنەماڵەکەى زەهەبی هەر لەبنەڕەتەوە خواناس و روو لەدین بوون.

پرسیار: ئەحمەدى باوکى چۆن بوو؟

وەڵام: ئەحمەدى باوکیشی پیاوێکی ئیماندار بوو، سەرقاڵی ئیشی زێڕ بوو، بۆیە بەزەهەبی ناسراو ئەو نازناوەش بۆ موحەممەدى کوڕیشی مایەوە، ئەحمەدى باوکى هاودەم بەکاری زەڕەنگەری سەرقاڵی وەرگرتنى زانست بوو، شەونوێژو پەرستشیشی زۆر بوو، بەهۆی کارەکەشیەوە پارەو سامانێکی زۆری دەست دەکەوت و لەرێی خوادا خەرجی دەکردو خێری زۆری پێدەکرد، ئیتر بەهۆی بەخشندەیی و خواناسی و زاناییەکەیەوە لاى خەڵکی دیمەشق زۆر خۆشەویست بوو.

هەروەها دایک و خاڵ و پووری زەهەبی زۆر خواناس بوون، تەنانەت زەهەبی لە خاڵ و پووریەوە زانستی وەردەگرت، ئیتر هەم خۆشەویستی زۆری هەبوو بۆیان و هەم وەک مامۆستاش تەماشای دەکردن.

زەهەبی لەساڵی 673 ى کۆچیدا لەدایک بوو، هەر کە کەمێک گەورە بوو بەجارێ دایک و باوک و خاڵ و پوور و دەوروبەرە نزیکەکانى کەوتنە پەروەردەکردنی زەهەبی ، لەلایەکەوە نازیان دەکێشا و خزمەتیان دەکرد، لەلایەکی ترەوە هەم پەروەردەیان دەکردو رەوشتی جوانیان نیشان دەدا، هەم زانست و زانیارییان پێدەبەخشی، ئیتر هێندە زانستیان لا خۆشەویست کرد کەزەهەبی تەواو تامەزرۆی کۆڕی زانایان بوو، زۆربەی کاتەکانى دەچوو لەکۆڕی زانایاندا دادەنیشت، بەتایبەت مامۆستاو زانایانى بواری فەرموودە.

زەهەبی ویستی بچێت بۆ وڵاتانى تر تا لەوێیش زانست وەربگرێت، بەڵام باوکى رازى نەبوو بچێت  و پێیوت کوڕەکەم لێرە زاناى زۆر هەن، هەر لێرە لاى خۆمان بمێنەرەوەو زانست وەربگرە، ئەویش گوێڕایەڵی قسەکەى باوکى بوون چونکە دەیزانى گوێڕایەڵی دایک و باوک ئەرکی سەرشانى موسوڵمانە، بەڵام دواتر کە تەمەنى گەیشتە بیست سالآن ئیتر باوکى رێگەی پێدا بچێت، ئەویش بەگەرموگوڕی کەوتە گەڕان بەشوێن زانایاندا و لەو پێناوەدا دەیان شارى دوور لەیەک گەڕا و زانستێکی زۆری وەرگرت.

زەهەبی سەرەتا گرنگییەکی زۆری دەدا بەفێربوونی قورئانی پیرۆزو جوان خوێندنەوەی و واتاو تێگەیشتنی قورئان و هەموو قورئانیشی لەبەرکرد، دواى ئەوە کەوتە گرنگیدان بەزانستی فەرموودەو لەو بوارەشدا تاتوانى زانستی وەرگرت و چی فەرموودەی پێغەمبەر () هەبوو لەبەری کرد، دواتر زەهەبی حەزى بەبواری مێژوو کردو هەوڵیدا هەر لەسەرەتاوە تاسەردەمى خۆی بەوردی مێژوو بنووسێتەوە، بەتایبەت گرنگیدا بەمێژووی ئیسلامى، بەدەیان بەرگی لەبواری مێژووی ئیسلامییدا نووسی، هەروەها گرنگییەکی زۆری دا بەبواری فیقهی ئیسلامى و لایەنى ئەدەب و شیعر.

پەندو وانە:

پێویستە ئێمەش شوێنپێی زانایانمان بگرینەبەر و وەک ئەوان زانست وەربگرین، هەروەها ئێمەش وەک ئیمامى زەهەبی و زانایانى تر سەرەتاو پێش هەموو شتێک گرنگى بدەین بەفێربوونی قورئانى پیرۆز، دواتر گرنگى بدەین بەفەرموودەکانى پێغەمبەر()، دواتر هەر زانستێکی تری پێویست وەربگرین بۆ ئەوەی بە دروستی لەشتەکان تێبگەین.

دواى ماوەیەک زەهەبی ژنی هێنا و ژنەکەشی زۆر خواناس و چاک بوو، خواى گەورە سێ منداڵی پێبەخشین، بەڵام تەنیا هەشت ساڵ بەسەر ژیانى هاوسەرییاندا تێپەڕ ببوو کەژنەکەى وەفاتى کرد، ئەوەش تاقیکردنەوەیەکی خوایی بوو، زەهەبی لەو تاقیکردنەوەدا سەرکەوتوو بوو و خۆڕاگر بوو و بە قەدەری خوا رازى بوو.

زەهەبی شوێنپێی باوکى هەڵگرت و وەک ئەو منداڵەکانى خۆی لەسەر زانست و خواناسی پەروەردە کرد و هەرکام لە منداڵەکانیشی دواتر بوون بە زاناى گەورە.

ئیتر زەهەبی هەموو ماوەى ژیانى خۆیدا بەگەیاندنى پەیامى خواو بەگوفتار و کردارو نووسین هەوڵیدەدا خەڵکی لەئیسلام تێبگەیەنێت و چی زانستی پێیە بیبەخشێت، زیاتر لەسەد بەرگ کتێبی نووسی، هێندە سەرقاڵی نووسین بوو تا لەکۆتاییدا جەستەى تەواو لاواز بوو، چاوى کز بوو، لەکۆتاییەکانى تەمەنیدا بینایی لەدەستدا و چەند ساڵێ بە نابینایی ژیانى بەسەر برد، بەو حاڵەوە وەلآمى پرسیاری خەڵکی دەدایەوەو فەتواى بۆ دەدان، دواجار لە ساڵی 748 ى کۆچی و هەر لەشاری دیمەشقدا کۆچی دوایی کرد و زانایانێکی زۆر و خەڵکێکی بێشومار نوێژیان لەسەر کرد.

پرسیار:

زەهەبی سەر بە چ نەتەوەیەک بوو؟

باپیرەی زەهەبی بە چی ناسرابوو؟

باوکى زەهەبی چۆن بوو؟

بۆچی زەهەبی سەرەتا گەشتى نەکرد بۆ ناوچەو وڵاتەکانى تر؟

زەهەبی سەرەتا گرنگى بە چ زانستێک دا؟

زەهەبی لە کۆتاییەکانى ژیانیدا تووشی چی بوو؟

دەتوانیت ژیانى ئیمامى زەهەبی بۆ کەسێکی خۆشەویستت باس بکەیت؟


1113 جار بینراوە‌
08/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020