سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

صەلاحەدینی ئەیووبی

ئازیزانم، ئەم کەسایەتی و هەڵکەوتەى ئەمجارە باسی دەکەین زانایەک نییە کە بە کتێب و نووسین خزمەتى کردبێت، مامۆستایەک نییە کە بەوتاردان و وانە وتنەوە نەوەیەکى پێگەیاندبێت، بەڵکو سەرکردەیەکى موسوڵمان ى کوردە کە بەتوانا و شمشێری دەستى و بیری وردى سیاسی توانى خزمەتی باڵا پێشکەش بەموسوڵمانان بکات، خزمەتێک کە وایکرد لەگەڵ ناوهێنانى هەمووان بیناسن، تەنانەت هێندە خزمەتەکەى گەورە بوو کەبووە مایەى ناساندنى کورد و هەرکات ناوى ئەو بێت خێرا ناوى کورد دێت، یان کاتێک کەسێکى کورد خۆی دەناسێنێت بەکەسێک لەنەتەوەیەکى تر خێرا ناوى ئەم سەرکردەیەى بۆ دێنێتەوە، ئەویش سەرکردەى ئیسلام صەلاحەدینی ئەییووبیە.

ئەم سەرکردە گەورەیەى ئیسلام کورد بووە، ناوى یوسفە، لەبنەماڵەی ئەیووبییەکانە، ئەیووبییەکان بنەماڵەیەکی کوردى موسوڵمان  بوون کە کەسایەتى و سەرکردەى زۆر گەورەیان تێدا دەرکەوت، ماوەیەکى زۆریش دەسەڵاتى بەشێکى زۆری جیهانى ئیسلامییان بەدەستەوە بوو، وەک قەلآى ئاسنین بەریان دەگرت بەهێرشی دوژمنانى ئیسلام.

لە ناو ئەم بنەماڵەیەدا کوڕێکى جوان و زیتەڵ دەرکەوت کە ناوى یوسف بوو، باوکى ناسرابوو بەنەجمەدین و ناوى ئەیوب بوو، یوسف ساڵی 532 کۆچیی لەدایک بوو، لەو کاتەدا جیهانى ئیسلامى بەدەست چەندین کێشەوە دەینالآند، لەلایەکەوە لەناو وڵاتدا خراپەکاران هەبوون کە دەیانویست موسوڵمانان لەناوبەرن، لەلایەکى تریشەوە لەدەرەوەى موسوڵمانان ناموسوڵمان ەکان هێرشیان دەهێنا تاخاکى موسوڵمانان داگیر بکەن.

باپیرە گەورەى ئەم بنەماڵەیە کە ناوى شادى بوو کەسایەتییەکى زۆر گەورەو بەهێز بوو، بۆیە سەرکردەی موسوڵمان ە تورکەکان (سەلجووقیەکان) پاراستن و بەرپرسیارێتى قەلآیەکى دا بەدەست شادییەوە کە ئەویش قەلآى تکریت بوو، صەلاحەدین لەو قەلآیەدا لەدایک بوو.

مامى صەلاحەدین ناوى شێرکۆ بوو ئەویش سەرکردەیەکى دیارى سەربازى و جەنگاوەرێکى رێگەی خوا بوو، کەسێکى زۆر بەهێز بوو.

بەڵام کاتێک صەلاحەدین لەدایک بوو بڕیاردرا باوکى صەلاحەدین و مامیشی قەلآى تکریت جێبهێڵن.

پرسیار: بۆچی بڕیار درا ئەو دوو برایە قەلآکە جێبهێڵن؟

وەڵام: چونکە پیاو خراپێک هەبوو ویستبووى دەستدرێژی بکاتە سەر ئافرەتێک، ئافرەتەکەش داواى کردبوو لەشێرکۆ فریاى بکەوێت، ئەویش چوو بوو و پیاوەکەى کوشتبوو، بۆیە بڕیاردرا لەبەر ئەوەى کوشتویەتى قەڵاکە جێبهێڵن.

ئیتر ئەوانیش کۆچیان کرد و چوون بۆ موصڵ، سەرکردەى موسوڵمانان لە موصل ناوى عیمادەدین زەنگى بوو، واتە بنەماڵەى ئەوان زەنگیەکان بوون کەئەوانیش خزمەتێکى زۆر گەورەیان پێشکەش بەموسوڵمانان کرد کاتێک زۆر بە بەهێزى بەرگرییان دەکرد لە خاکى موسوڵمانان و نەیاندەهێشت بێباوەڕان خاکى موسوڵمانان داگیر بکەن.

کاتى خۆی عیمادەدین کە لە جەنگێکدا شکستى خواردبوو، باوکى صەلاحەدین پەناى دابوو هەروەها یارمەتى دابوو و خزمەتى کردبوو و دواتریش رزگارى کردبوو، بۆیە کاتێک باوکى صەلاحەدین و خێزانەکەى چوون بۆ موصل عیمادەدین ئەو چاکەیەى لەبەرچاو بوو، رێزى زۆری گرتن و زەوى زۆری پێدان.

دواتر عیمادەدین شارێکى خستە ژێر دەسەڵاتى خۆی بەناوى بەعلەبەگ، خێرا باوکى صەلاحەدینی کرد بەلێپرسراوى ئەو شارە، ئیتر صەلاحەدین تەمەنى منداڵی خۆی لەوێ بەسەر دەبرد، لەوێ باوکى هەوڵیدا صەلاحەدین پێبگەیەنێت، بۆیە لەلایەکەوە دەینارد بۆ لاى مامۆستا و زاناکان تا زانستە ئیسلامیەکان فێر ببێت، لەلایەکى ترەوە هونەرى جەنگى و سەربازى فێر دەکرد تا وەک موجاهیدێکى رێگەی خوا بتوانێت خزمەت بەئیسلام بکات، صەلاحەدینیش هەوڵی خۆیدا تا بەتەواوەتى هەڵکەوت و بوو بەسەرکردەیەکى بەهێز.

صەلاحەدین تەمەنى نزیکەى بیست و حەوت ساڵ بوو کە وەک نێردراوى عیمادەدین لەگەڵ شێرکۆی مامیدا بەسوپایەکەوە چوو بەرەو میصر.

پرسیار: بۆچی چوون بۆ میصر؟

وەلآم: چونکە سەرکردەى دەوڵەتى شیعەکان داواى لەعیمادەدین کرد یارمەتى بدات دژ بەسەرکردەیەکى خۆیان لەبەرامبەردا هەندێک لەخاکى میصری دەداتە دەست، ئەویش رازى بوو، پاشان ئەوەى کرد بۆئەوەى میصر بگەڕێنێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتى سوننەکان.

صەلاحەدین لەو سوپایەدا رۆڵێکى بەرچاو و گەورەی بینی، دواى سێ ساڵی تر جارێکى تر صەلاحەدین چوویەوە بۆ میصر بۆ یارمەتییدانى سەرکردەى شیعەکان دژ بە سەرکردەیەکى تری شیعە کە خاکى موسوڵمانانى دەفرۆشت بەناموسوڵمان ەکان، ئەو سرکردەیەش ناوى (شاور) بوو، صەلاحەدین توانى ئەو سەرکردە ناپاکە بکوژێت.

دواى ئەم کارە شێرکۆی مامى کرا بەوەزیری فاتیمیەکان(شیعەکانى ناو میصر)، بەڵام هێندەى نەبرد شێرکۆ لابراو لە شوێنیدا صەلاحەدین دانرا، بەرەبەرە صەلاحەدین هەوڵیدا بێئەوەى خوێن بڕژێت دەوڵەتى شیعەکان نەهێڵێت و لەشوێنیدا دەوڵەتى سوننى دابمەزرێنێت چونکە زۆربەى خەڵکى میصر و بەڵکو موسوڵمانانى جیهانیش سوننە مەزهەب بوون، توانى لەماوەیەکى کەمدا ئەو دەوڵەتە نەهێڵێت و لەشوێنیدا دەوڵەتى ئەیوبی دابمەزرێنێت.

ئیتر لێرە بەدواوە صەلاحەدین هەموو هەوڵی بۆئەوە بوو هێرشی ناموسوڵمان ە خاچ پەرستەکان بۆ داگیرکردنى خاکى موسوڵمانان رابگرێت.

پرسیار: خاچ پەرستەکان کێ بوون؟

وەلآم: خاچ پەرستەکان ئەو سوپا مەسیحییە بوون کە دەهاتن بۆ داگیرکردنى خاکى موسوڵمانان، بەڵام لەلایەن چەند سەرکردەیەکى موسوڵمانانەوە لەناوبران، وەک سەرکردە نورەدین و عیمادەدین و صەلاحەدین و بیبرس و کەسانى تر، لەو مەیدانەشدا صەلاحەدینی ئەیوبی رۆڵی زۆر بەرچاوى بینی و توانى قودس لەدەستى ئەو خاچ پەرستانە وەربگرێتەوەو موسوڵمانان دڵخۆش بکات و ببێت بەشانازیەکى گەورەش بۆ گەلەکەى خۆی، ئەمەش لەساڵی (583) کۆچییدا بوو، ئەوکات صەلاحەدین تەمەنى 51 ساڵ بوو، کاتێک جەنگێکى سەخت روویدا کە ناسراوە بەجەنگى حەتین، تیایدا پاش جەنگێکى قورس سوپاى موسوڵمانان بەسەرکردایەتى صەلاحەدین سەرکەوت و قودسى رزگار کرد.

صەلاحەدین کە قودسی رزگار کرد رێگەى نەدا کوشت و بڕی ناموسوڵمان ەکان بکرێت، بەڵکو رێزى گرتن و گیانى پاراستن و سامانى نەبردن، سەربەستى کردن ئایا دەچن بۆ وڵاتى سوپا مەسیحییەکان یان لەناو موسوڵماناندا بمێننەوە، چونکە ئەوە سیفەتى موسوڵمان ە کە حەز ناکات بە ناهەق خوێن بڕژێت و رێزى هەموو کەس دەگرێت تەنانەت ئەوانەش کەدژى بوون، بۆیە ئەو رێزو گەورەییەى صەلاحەدین واى کرد سەرکردە ناموسوڵمان ەکان و خەڵکى ناموسوڵمان ى تریش تەواو پێی سەرسامبن و بەرێزەوە ناوى ببەن.

هەروەها صەلاحەدین هەموو پەرستگاکانى مەسیحییەکانى پاراست و رێگەی نەدا سوپاى موسوڵمانان ئەو پەرستگایانە بڕووخێنن، هەرچەندە موسوڵمان ەکان حەزیان دەکرد بیرووخێنن چونکە پێشتر ئەوان مزگەوتى موسوڵمانانیان دەڕووخاند و ژن و منداڵ و  گەورە و بچووکى موسوڵمانانیان سەردەبڕی، بەڵام صەلاحەدین تێیگەیاندن کە ئەوان نابێت وا بکەن چونکە موسوڵمان  بە خراپە وەلآمى خراپە ناداتەوە.

صەلاحەدین تەواو حەزى بەجیهاد دەکردو هەمیشە حەزى دەکرد لەرێگەی خوادا بجەنگێت و خاکى موسوڵمانان ئازاد بکات و ئایینی ئیسلام بگەیەنێت بەو شوێنانەش کە پێیان نەگەیشتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەزى دەکرد تێکەڵی زانایان بێت و داواى دەکرد زانایان کتێبی بۆ بنووسن تا بیخوێنێتەوە بۆئەوەى نەکەوێتە هەڵەوە، تەنانەت هەرکەس کتێبێکى بەهێزى بۆ بنووسیایە لە خۆی نزیکی دەکردەوە.

ئەم سەرکردە خۆشەویستە چاکەکارە بەوجۆرە بەردەوام بوو لەخزمەتکردنى ئیسلام  و موسوڵماناندا و لاى موسوڵمانان و هاوڵاتیانی وڵاتەکەشی زۆر ئازیز و خۆشەویست بوو، زانایان زۆر رێزیان دەگرت و نزاى خێریان بۆ دەکرد، بەو جۆرە ژیا تا رۆژی وەفاتى هات و لەتەمەنى 57 ساڵیدا و لەساڵی 598 کۆچییدا کۆچی دوایی کردو پاش نوێژ کردن لەسەر تەرمەکەى لەدیمەشق بەخاک سپێردرا، تا ئێستاش گۆڕەکەى زانراوەو لە دیمەشق ماوەتەوە.

پەندو وانە

موسوڵمان  دەبێت وەفاى هەبێت بەرامبەر بەو کەسانەى کە چاکەیان هەبووە لەگەڵیدا چونکە وەفادارى سیفەتى پێغەمبەران بووە، دەبینین چۆن عیمادەدین وەفاى هەبووە بەرامبەر بە باوکى صەلاحەدین لەبەرئەوەى لەرابردوودا چاکەیەکى بەرامبەر ئەنجام داوە.

جیهاد کردن و هەوڵدان بۆ رزگارکردنى خاکى موسوڵمانان لاى خواى گەورە زۆر وەرگیراو و کاری جوانەو خواى گەورە پاداشتى زۆر گەورەى داناوە بۆ ئەو کەسانە، صەلاحەدینى ئەیوبیش نموونەیەکى باڵابووە لەو بوارەدا کەتوانى قودسی خۆشەویست بگەڕێنێتەوە بۆژێر دەسەڵاتى موسوڵمانان.

دەبێت موسوڵمان لەبەر ستەمى کەسانى خراپ نەکەوێتە ستەم کردن بەڵکو موسوڵمان  هیچ کات بەخراپە وەلآمى خراپە ناداتەوە، پێغەمبەر() لە مەککە چەند ستەمى لێکرا کەچی کاتێک مەککەى رزگار کرد لێیان خۆش بوو و تۆڵەى نەکردەوە لەوانەى کەستەمیان لێکردبوو، صەلاحەدینیش شوێن سوننەتى پێغەمبەر() کەوت و کاتێک قودسی رزگار کرد ستەمى لەناموسوڵمان ەکان نەکرد.

دەبێت ئێمە هەم وەک موسوڵمان و هەم وەک کورد شانازى بکەین بەصەلاحەدینەوە کەسەرکردەیەکى وابووە دوژمنەکانیشی بەسەرسامی و رێزەوە باسیان کردووە، ئەمە نیشانەى ئەوەیە موسوڵمان ى کورد خزمەتى پێشکەش کردووەو ئیسلام مایەى خێر بووە بۆ کورد و کوردیش بە جوانى ئیسلامى وەرگرتووە.

پرسیارەکان

صەلاحەدین ناوى چی بوو؟ لە کوێ و لە ساڵی چەند لەدایک بوو؟

بۆچی ماڵی صەلاحەدین کۆچیان کرد بۆ موصل؟

صەلاحەدین کە چوو بۆ میصر چی کرد؟

جەنگى حەتین چی بوو؟

باسی هەڵوێستى صەلاحەین بکە کاتێک قودسی رزگار کرد.

ئایا لە دڵەوە صەلاحەدینت خۆش دەوێت؟

ژیانى ئەم سەرکردەیە باس بکە بۆ یەکێک لە هاوڕێ ئازیزەکانت، دواتر پرسیارى لێبکە بزانە چی پەندو ئامۆژگاریەکى لێوە فێر دەبێت.

1410 جار بینراوە‌
07/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020