سەرەکی    |    دەربارە    |    پەیوەندی
About       |    حول         |    Hakkimda
             

ئیبن تەیمیە

لەناوچەیەکى کوردستانى ئازیز شارێک هەبوو پێی دەوترا حەران، ئەم شارە کاتى زوو نشینگەى پێغەمبەرى خوا ئیبراهیم پێغەمبەر بووە، بەڵام دواتر کەسانى بێباوەڕ تیایدا دەرکەوتن کەپێیان دەوترا صابیئیەکان، ئەمانە لەبرى خواى گەورە ئەستێرەیان دەپەرست.

کاتێک ئایینی ئیسلام هات لەسەردەمى خەلیفەى موسوڵمانان عومەرى کوڕی خەتابدا لەلایەن موسوڵمانانەوە شارى حەران ئازاد کرا، ئیتر ئاینی خوا گەیشتە ئەو شارەو ریشەى بتپەرستى تیایدا وشک بوو.

لەناو ئەم شارە کوردیەدا بنەماڵەیەکى گەورەو خواناس دەرکەوت کەزۆربەى هەرە زۆری کەسەکانى زاناى گەورە و هەڵکەوتەى ناو موسوڵمانان بوون.

پرسیار: ئەو بنەماڵەیە کێ بوون؟

وەڵام: ئەو بنەماڵەیە بنەماڵەی تەیمیە بوو، ئەوانە دەیان زاناى گەورەیان پێشکەش کرد بەموسوڵمانان و تا ئەمڕۆش موسوڵمانان قەرزارى زانست و خزمەتى ئەوانن.

لەو شارەداو لەناو ئەو بنەماڵەدا زانایەکى گەورە هەبوو کەناوى عەبدولحەلیم بوو، ئەو زانایە هەر لە منداڵیەوە لەسەر دەستى باوکى زانستى وەرگرت و پێگەیشت و دواتر کەوتە وانەوتنەوەو بلآوکردنەوەى زانست و خزمەت کردن بەموسوڵمانان، تا کاتى خۆی هات ژنێکى هێنا بەناوى ستونیعەم کە ئافرەتێکى زیرەک و زانا بووە.

خواى گەورە چەند منداڵێکى بەخشی بەم ژن وپیاوە زاناو خواناسە، هەموو منداڵەکانیشیان کەسی دیار و زانا دەرچوون کە خزمەتێکى گەورەیان پێشکەش کرد.

پرسیار: ناوى منداڵەکانى چی بوون؟ وەلآم: ناوى منداڵەکانى بریتی بوون لە (عەبدورحمان، عەبدولآ، ئەحمەد).

لەهەموویان زیرەکتر و زاناتریان ئەحمەد بوو کە لەبەر زۆر زیرەکیەکەى بوو بەکەسایەتى هەرە دیارى بنەماڵەکەى، هەر لەبەرئەوەش بەناوى بنەماڵەکەیەوە ناسراوەو بە (ئیبن تەیمیە) ناوى دەبرێت.

ئیبن تەیمیە لەساڵی 661 کۆچی لەشارى حەران لەدایک بوو، لەوێ سەرەتاى ژیانى دەستى پێکرد، هەر لەمنداڵیەوە دایک و باوکى گرنگییەکى زۆریان پێدا تا زانستى زۆری پێببەخشن، بەڵام هێندەى نەبرد بارى ژیانیان تێکچوو و ناچار بوون شارو ناوچەی خۆیان جێبهێڵن، ئەوکات هێشتا تەمەنى ئیبن تەیمیە شەش ساڵ زیاتر نەبوو.

پرسیار:بۆچی ناچار بوون شارو ناوچەی خۆیان جێ بهێڵن؟

وەڵام: چونکە مەغۆلەکان کە خەڵکێکى دڕندەو پیاوکوژ و خراپەکار بوون هێرشیان هێنا بۆ سەر شارەکەیان، بۆیە ئەو خێزانە ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ وڵاتى شام بۆ شارى دیمەشق، بۆئەوەى دەستگیر نەکرێن بەشەو کۆچیان کرد و هەرچی کتێبیان هەبوو بەچەند عەرەبانەیەک لەگەڵ خۆیاندا بردیان تا لەوێش لە زانست نەبڕێن.

کاتێک چوون بۆ شاری دیمەشق لەوێ باوکى لەمزگەوتدا وانەى دەوتەوەو ئیبن تەیمیەش بەردەوام زانستى وەردەگرت و لەخزمەت چەندین زانا و مامۆستادا زانستى وەردەگرت، بەوجۆرە گەورە بوو تا گەیشتە تەمەنى گەنجى.

رۆژێک عەبدولحەلیم منداڵەکانى کۆکردەوە تابیانبات بۆ سەیران و گەڕان، بەڵام ئیبن تەیمیە داواى کرد لەباوکى رێی بدات نەچێت بۆ سەیرانەکە، باوکیشی رازى بوو، تا باوکى و براکانى چوون بۆ گەڕانەکەیان و هاتنەوە ئیبن تەیمیە کتێبێکى گرنگ و گەورەى زانایەکى لەبەرکردبوو، کەباوکى هاتەوەو ئەوەى بینی تەواو سەرسام بوو بەتواناى کوڕەکەى، بۆیە ترسا خەڵکى زیانى پێبگەیەنن، بە ئیبن تەیمیەى کوڕى وت رۆڵە شیرینەکەم ئەمە بۆ کەس باس نەکەیت.

جارێک زانایەکى حەلەبی هاتە دیمەشق و بیستبووى ئیبن تەیمیە زیرەکە، بۆیە چوو بۆلاى تا تاقی بکاتەوە، کاتێک پرسیارى لێکرد و ئیبن تەیمیە وەلآمى دایەوە هێندە زیرەکانەو بەهێز وەلآمى دایەوە کەزاناکە تەواو پێی سەرسام بوو، زاناکە یەکسەر وتى ئەگەر ئەم کوڕە بمێنێت لە داهاتوودا رۆڵی زۆر گەورەى دەبێت.

ئیتر هێندە زیرەک بوو تاخێرا بوو بەزانایەکى دیارو لەتەمەنى حەڤدە ساڵیدا فەتواى دەدا لەسەر مەسەلەکان، فەتواکانیشی راست بوون و زانایان رەخنەیان لێ نەدەگرت.

ئیبن تەیمیە هیچ کات پارەو شتى لەخەڵک وەرنەدەگرت چونکە هەر لەمنداڵییەوە بەڵێنى دابوو بەخواى گەورە کە لەسەر قورئان پاداشت وەرنەگرێت، بۆیە کاتێک قورئانى لەبەردەکرد و کەسێک بیویستایە خەلآتى بکات وەری نەدەگرت، چونکە دەیوت من تەنیا لاى خوا پاداشت وەردەگرم.

هیچ کات ئیبن تەیمیە رەخنەى نەدەگرت لەخواردن، بەڵکو بەهەر خواردنێکى حەلآل رازى بوو و نارەزاییشی دەرنەدەبڕی.

لە ساڵی 692 کۆچیدا واتە تەمەنى 31 ساڵی ئیبن تەیمیە لەگەڵ کاروانێکدا چوو بۆ حەج، لەرێگەى سەفەریاندا رەشەبایەکى توند هەڵیکرد کەژمارەیەکى زۆری خەڵکەکە بەو هۆیەوە مردن، بەڵام ئیبن تەیمیەو ژمارەیەکى تر لەخەڵکەکە رزگاریان بوو.

دواى ئەوەى باوکى کۆچی دوایی کرد ئیبن تەیمیە لەشوێنی باوکیدا لەمزگەوتدا وانەى دەوتەوە، هێندە زیرەک بوو کەکاغەزو نووسینى لەبەردەستیدا نەبوو و هەموو شتەکانى لەبەر بوو، ئیبن تەیمیە لەوتارەکانیدا زۆر گرنگى دەدا بە فەرموودە و لەرێبازى راستى زانایانى پێشوو لاى نەدەدا، دواى وتارەکەش گوێی دەگرت لە پرسیارى خەڵک و وەلآمى پرسیارەکانى دەدایەوە.

جارێک ئیبن تەیمیە نەخۆش کەوت، کاتێک چوو بۆ لاى پزیشک پزیشکەکە پێی وت زۆر مەخوێنەرەوەو خۆت ماندوو مەکە، لە وەلآمدا ئیبن تەیمیە وتى مەگەر ئێوە ناڵێن ئەگەر کەسێک حەزەکەى بێتەدى و خۆشی بێت ئەوە بۆ تەندروستى باشە، دەى من لەکاتى خوێندنەوەو زانستدا تەواو خۆشیمە و دەبێت باش بێت بۆم، بۆیە هۆکارى نەخۆشیەکەى من ئەوە نیە.

ئیبن تەیمیە لەبەرگریکردنى لە موسوڵمانان زۆر دلێر و نەترس بوو، کاتێک مەغۆلەکان هاتن و شامیان داگیر کرد، سەکردەکەیان ناوى (غازان) خان بوو، ئیبن تەیمیە لەگەڵ ژمارەیەک زاناى تر چوون بۆ لاى، ئیبن تەیمیە هێندە بەرەقی قسەى لەگەڵ کرد کەهەموو زاناکانى تر ترسان، ئەو داواى کرد هەموو بەندکراوانى موسوڵمانان و بەندکراوە ناموسوڵمانەکانیش ئازاد بکرێن، ئەویش رازى بوو، پاشان هەموویانى ئازاد کرد، کاتێک گەڕانەوە زاناکانى تر وتیان لەگەڵ ئەو ناچینەوە تووشی شتێکمان دەکات، کەچی ویستى خوا وابوو ئیبن تیمیە بەسەلامەت گەیشتەوە، کەچی ئەوان تووشی دەستەیەکى مەغۆلە رێگرەکان بوون کە چییان پێبوو لێیان سەندن و ئازارى زۆریشیان دان.

کاتێک جارێکى تر مەغۆلەکان هاتن تا خاکى شام داگیر بکەن ئیبن تەیمیە هانى موسوڵمانانییدا تا رێیان پێنەدەن و وتارى بۆ دەدان، خۆیشی چوو بۆ لاى سەرکردەى موسوڵمانان لەمیصر تا رازى بکات بێت بۆ هاوکارییان، ئەوەبوو بەسوپایەکەوە هاودەم بەسوڵتان گەڕایەوە و لەجەنگەکەدا خۆیشی بەشدارى کردو خواى گەورەش سەرکەوتنى بەخشی بەموسوڵمانان، لەجەنگەکەشدا ئیبن تەیمیە بەردەوام موسوڵمانانى هاندەدا تا نەترسن و لەرێی خوادا بەگەرمى بجەنگن چونکە خوا موسوڵمانان سەردەخات.

هەمیشە هەندێک کەس هەن کە حەز ناکەن کەس لەوان گەورەتر بێت و خۆیان بەگەورە دەزانن، بۆیە ژمارەیەک لەو جۆرە کەسانە کەوتنە پیلان گێڕان دژ بەئیبن تەیمییەو لاى دەسەڵاتداران تۆمەتیان بۆ دروست دەکرد تا ئەوەى بوونە هۆکارى بەندکردنى ئیبن تەیمیە، سێ جار لەدادگاى دیمەشق دادگایی کرا، بەڵام لەهیچ کامیاندا نەیانتوانى بیسەلمێنن کە تاوانبارە و کاتێک زانییان بێتاوانە ئیبن تەیمیەیان ئازاد کرد.

بەڵام جارێکى تر کەسانێکى ناو میصر کە رقیان لەناوبانگى ئیبن تەیمیە بوو، تۆمەتیان بۆ دروست کردو داوایان کرد لەمیصر دادگایی بکرێت، خەلیفەش ئەوکات لە میصر بوو، ئەوان سەرکردەى وڵاتیان رازى کرد تا داوا لەدەسەڵاتدارى شام بکات ئیبن تەیمیە بنێرێت بۆ میصر، هەرچەند ئەو رازى نەبوو بەڵام ئیبن تەیمیە خۆی بڕیاریدا بچێت و لەوێیش وەلآمى گومانەکان بداتەوە.

ئیبن تەیمیە بەڕێکەوت بەرەو میصرو لە کۆتاییەکانى مانگى رەمەزاندا گەیشتە شارى قاهیرە، کاتێک گەیشت رۆژی هەینی بوو، لەدواى نوێژی هەینی لەگەڵ زاناو کەسە دیارەکان مشتومڕی ئەنجامدا، بەڵام دواجار لەوێش بەندکراو دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەیەک کە پێی دەوترا (جب)، بەڵکو دوو برایشی لەگەڵ خۆیدا بەند کران.

هێندە دژایەتى ئەو زانایە کرا کە تەنانەت ئەوانەش شوێن نووسینەکانى بکەوتنایە ئەو کەسانەش بەند دەکران.

پرسیار: بۆچی دەسەڵاتداران وایان دەکرد لە کاتێکدا موسوڵمانیش بوون؟

وەڵام: لەبەرئەوەى هەندێک کەس کەحەزیان نەدەکرد ئیبن تەیمیە وەک زانایەکى گەورە دەربکەوێت وایان وتبوو بەدەسەڵاتداران کە ئیبن تەیمیە خەڵکى گومڕا دەکات، بەڵام ئیبن تەیمیە رێی نەدەدا کەس لەدژی دەسەڵاتدارانى موسوڵمانان هیچ بکەن چونکە نەبوونى ئاژاوەو پاراستنى یەکڕیزى و ئاشتى ناو موسوڵمانانى لەلا گرنگتر بوو تا ئازادبوونى خۆی.

ئیبن تەیمیە پاش ماوەیەک ئازاد کراو ئەو ماوەیەى ئازاد کرا لەمزگەوتەکاندا وانەى دەوتەوەو خەڵکى فێری زانست دەکرد، هاوکات نامەى دەنارد بۆ دایکی خۆشەویستى و بۆ خەڵکى دیمەشق و خۆشەویستى خۆی بۆیان دەردەبڕى.

هێندەى نەبرد جارێکى تر ئیبن تەیمیە بەند کرا، ئەمجارەش یەکێک لەبراکانى لەگەڵیدا بەندکرا، بەڵام هێندەى پێنەچوو کە سوڵتانى موسوڵمانان خۆی هات بۆ بەندیخانە بۆ لاى ئیبن تەیمیەو ئازادى کرد.

پرسیار: ئەو سوڵتانە کێ بوو کە ئیبن تەیمیەى ئازاد کرد؟

وەڵام: ئەوسوڵتانە ناوى سوڵتان ناصر بوو کە کاتێک توانى بێتە سەر دەسەڵات خێرا ئیبن تەیمیەى ئازاد کرد.

پاش حەوت ساڵ مانەوە لەمیصر دواجار ئیبن تەیمیە لەگەڵ سوڵتانى موسوڵماناندا گەڕایەوە بۆ شام، لەوێ پێشوازیەکى گەرمى لێکراو خێرا ئەویش دەستى کردەوە بەوانە وتنەوە.

بەڵام هێندەى نەبرد جارێکى تر ئەو زانایە کەوتە بەر پیلانى ناحەزان و سەرلەنوێ تۆمەتیان بۆ دروست کرد و ئیبن تەیمیەى زاناى بێتاوان جارێکى تر بەند کرا،  ئیتر لەو بەندیخانەیەدا مایەوە تا ئەوەى دواجار لەوێ نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد.

لە ماوەى ئەو بەند بوونەیدا ئیبن تەیمیە هەشتاو یەک جار هەموو قورئانى پیرۆزى خوێندەوەو زیکرو پەرستشی زۆری دەکرد.

کاتێک کۆچی دوایی کرد هەمووان بەمردنى دڵتەنگ بوون تەنانەت ئەوانەش کە دژى بوون، شار تەواو قەرەباڵغى دایگرت و هەموان هاتن بۆ نوێژکردن لەسەر تەرمەکەى و مەراسیمی ئەسپەردەکردنەکەى، هێندە قەرەبالغ بوو کە بازاڕی شار داخرا، نزیکەى پێنج سەد هەزار کەس نوێژیان لەسەر تەرمى ئیبن تەیمیە کرد.

پاش خۆی ئیبن تەیمیە نووسین و کتێبی زۆرى جێهێشت بۆ موسوڵمانان، کتێبەکانى نزیکەى سەد کتێب زیاتر دەبوون کە تا ئەمڕۆش موسوڵمانان دەیانخوێننەوەو سوود لە زانستەکەى وەردەگرن.

پەند و وانە

زۆر پێویستە حەز بکەین بەدواى زانستدا بگەڕێین و هەمیشە لەگەڵ کەسانى زیرەک و زانادا هەڵسوکەوت بکەین.

سوپاسی خواى گەورە بکەین کە لەناڕەحەتى و ستەم و هێرشی دوژمنان بمانپارێزێت، نابێت موسوڵمان  ئاوات بە بەرەنگاربونەوەى دوژمن بخوازێت و داوا لە خوا بکات سەلامەتى پێببەخشێت، چونکە ئاژاوەو جەنگ هۆکارى وێرانییە.

گەورەترین سامانى بەنرخ و نەفەوتاو بریتیە لەزانست و دەبێت لەهەموو کاتێکدا هەوڵی زانستخوازى بدەین،  بەراستى کتێب هاوڕێیەکى خۆشەویست و دڵسۆزەو دەبێت بەجوانى کتێبەکانمان بپارێزین.

جیهاد کردن لەڕێی خواى گەورەدا فەزڵى زۆری هەیەو بەردەوام هاوەڵان و زانایانى ئیسلام ئەگەر جیهاد کردنیان بەدى کردبێت تیایدا بەشدار بون.

نابێت هەرگیز رەخنە بگرین لەخواردن و بەهەموو بەخششێکى خوا رازى بین، ئەگەر بەدڵمان نەبوو خواردنەکە نەخۆین و بێگلەیی کردن بگەڕێینەوە دواوە.

هەمیشە پشت بەخواى گەورە ببەستین و دڵنیابین خواى گەورە ئاگاى لەهەموو شتێکەو هەرچییەک خوا بیەوێت تەنیا ئەوە دەبێت.

دەبێت هەمیشە وریاى ئاشتى و خۆشی موسوڵمانان بین و خۆمان بپارێزین لە فیتنەو ئاژاوەنانەوە وەک چۆن ئیبن تەیمیە هەرچەندە بەندیش کرابوو کەچی نەیدەهێشت بەهۆی ئەوەوە موسوڵمانان کێشە بکەوێتە نێوانیانەوە.

خواى گەورە پاڵپشتى موسوڵمانانەو هەرکات موسوڵمان راستیەکى زانى و پێویست بوو بیڵێت نابێت بترسێت و دەبێت بیڵێت بەتایبەت وتنى راستى لەبەردەم کەسی ستەمکاردا گەورەترین جیهادى رێی خوایە.

پرسیارەکان

ئیبن تەیمیە ناوى چی بوو؟ لە کوێ لەدایک بوو؟

بنەماڵەی تەیمیە بە چی ناسراون؟

ئیبن تەیمیە چۆن تەمەنى منداڵی بەسەر برد؟

باسی گەشتى حەجى ئیبن تەیمیە بکە.

کاتێک مەغۆلەکان هاتن بۆچی ئیبن تەیمیە چوو بۆ میصر؟

بۆچی ئیبن تەیمیە زوو زوو بەند دەکرا؟

باسی مردنى ئیبن تەیمیە بکە.

دەتوانیت ژیانى ئەم زانایە باس بکەیت بۆ خوشک و براکانت یان بۆ هاوڕێکانت؟


1251 جار بینراوە‌
07/08/2020

ئیبن کەسیر

       

ئیبن حەجەر

       

ئیبن قەیم

       

ئیبن مەندە

       

 ناونیشان

ئێسکان ـ سلێمانی

 بەردەستبوون

شەممە - پێنج شەممە
8:00 بەیانی - 5:00 ئێوارە

 پەیوەندی

009647701964436
[email protected]

 سۆشیال میدیا

             

© مافی بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ ئافەرین 2020